یوسف كلابی: هیچ ئاستەنگ و رێگرییەک نیە بۆ ناردنی مووچە
یوسف كلابی، ئهندامی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق
وێستگهنیوزـ
یوسف كلابی، ئهندامی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق مووچهخۆرانی ههرێم دڵنیا دهكاتهوه كه بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی پابەند كردوە بە ناردنی پارە بۆ موچەخۆران و هیچ ئاستەنگ و رێگرییەك نیە بۆ نەناردنی پارە.
یوسف كلابی، به میدیای گۆڕانی راگەیاند: بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی دروستە و پێویستە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم پابەندبن بەرەوانە كردن و دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا هەروەك تەواوی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی دیكەی عێراق.
لەسەر پڕۆسەی بەئەلیكترۆنی "تەوتین" كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كلابی وتی: "پێویستە بەخێرایی دەست بكرێت بە پرۆسەی بەئەلیكترۆنی كردنی مووچە خۆرانی هەرێم لە بانكەكانی حكومەتی عێراق، بۆ خێراكردنی پرۆسەكەش دەتوانرێت پارێزگا بە پارێزگا دەست بە پرۆسەكە بكرێت، بەڵام تا ئێستا نازانم بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگری لە بەبانكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات و پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نابێت".
سەبارەت بەپڕۆژەی "هەژماری من" ئهو ئهندامهی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق وتی: "ئەو پڕۆژە بانكی ئەهلی تێدایە، دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقی پابەند كردووە كە لە رێگەی بانكە حكومییەكانەوە مووچەی فەرمانبەرانی بەئەلیكترۆنی بكات، جگە لەوەش حكومەتی عێراق ناتوانێت پارە بۆ مووچە لە بانكە ئەهلییەكان دابنێت".
لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی مووچە فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، روونیكردەوە؛ شێوازی دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی بانكەكانی عێراقەوە تەنها ئەوەیە، كە وەزارەتی دارایی بڕی تەواو پارە رەوانەی بانكە دیاریكراوەكان دەكات و بانكەكانیش دەست بەدابەشكردنی دەكەن.
ئهندامهكهی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق وتیشی: "بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە كە لەیاسای بودجە دانراوە و حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی پابەند كردوە بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆران و هیچ ئاستەنگ و رێگرییەك نیە بۆ نەناردنی پارە"، جەختیشی كردەوە؛ یاساكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت".
سەبارەت بە پلە بەرزكردنە و خەرجكردنی بڕە پارەكەی، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند: سەرمووچە و پلە بەرزكردنەوە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بەبەغدادەوە هەیە دابین كردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و ئەو بڕەپارەی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا هەبێت وەك خۆی جێبەجی دەكرێت بە پلە بەرزكردنەوەشەوە.
AM:09:36:25/04/2024
ئهم بابهته 7232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت