قوباد تاڵەبانی: دۆخی ئەمنی ناوچەکە وادەخوازێت لەوپەڕی ئامادەسازیدا بین


وێستگه‌ نیوزـ

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ چەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگایی فەرماندەیی هێزەکانی 70ی کرد و رایگەیاند، دۆخی ئەمنی ناوچەکە وادەخوازێت هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست لەئەوپەڕی ئامادەسازیدا بن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی گەلی کوردستان دەبنەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزەکانی 70، قوباد تاڵەبانی لەلایەن لیوا روکن عومەر ساڵح  پیشوازی لێکراوه‌و هەریەک لە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر و سەرخێڵ کەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی دەزگای هەواڵگری هێزەکانی 70 و دیار عومەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ئامادەبوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بەدواداچونی کردوه‌ بۆ دوایین پێشهات و بەرەوپێشچونەکانی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو هەوڵ و هەنگاوە نوێیانەی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا نراون، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تەواوی هەوڵەکان یەکبخرێن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی ڕووبەڕووی پرۆسەکە دەبنەوە، ئەمەش لەپێناو سەرخستنی ئەم پرۆسە گرنگە کە خزمەتێکی گەورە بەهێزی پێشمەرگە دەکات.

قوباد تاڵەبانی وتویه‌تی:" دۆخی ئەمنی ناوچەکە وادەخوازێت کە هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست لە ئەوپەڕی ئامادەسازیدا بن لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵانگاریانەی ڕووبەڕووی میلەتەکەمان و ناوچەکە دەبنەوە ".


PM:10:05:28/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت