كۆمپانیای دانهغاز: بۆماوهیهكی كاتی بهرههمهێنانمان راگرتووه
وێستگهنیوزـ
کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و کرێکارانیشى لە کاری هەرە لە پێشینەی کۆمپانیاکەیە، بەو هۆیەوە بەشێوازی کاتی بەرهەمهێنانیان راگرتووە و گۆڕانکارییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانیان کردووە.
لە راگەیهندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024-ی دانەغازدا هاتووە، "کاتژمێر 6 و 45 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی 26ی ئەم مانگە کۆگایەکی غازی کۆندێنسەیت لە رێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و ههشتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگاکە بوون".
لە راگەیهندراوەکە هاتووە، "هەموو کەس لە دانەغاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانیان و ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەتووە، دەردەبڕن و هەموو شتێکیش بۆ پاڵپشتی و یارمەتیی زیانلێکەوتووان دەکەن".
دانەغاز ئهوهشی وتووه، "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و بەڵێندەران گرینگترین شتە لەلای کۆمپانیای دانەغاز. هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیهندراوەکەدا دانەغاز ئهوهی وتووه، "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەرزترین ئاستدا لە دانوستاندنداین بۆ یارمەتیدانیان لە جێبەجێکردنی بەرپرسارییەتییەکەیان بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان بگەیەنن".
دانەغاز جەخت لەوە دەکاتەوە لەوەی "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەت لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان توندوتۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دواجار بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر دەستپێبکاتەوە".
ئهوهشی وتوه، "بەتەواوەتی پابەندین بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، هەروەها خاوەن پشکەکانمان. چاومان لەوەیە هەرکاتێک ئەنجامدانی کارەکانمان سەلامەت بوو، دەست بە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر بکەینەوە".
AM:09:11:29/04/2024
ئهم بابهته 2880
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت