كوڕی عومه‌ر چنگیانی وه‌ڵامی عه‌بدوللـه‌تیف سه‌له‌فی ده‌داته‌وه
وێستگه نیوز ـ
كوڕێكی عومه‌ر چنگیانی، كه پێشتر به عومه‌ری سه‌له‌فی ناسرابوو، وه‌ڵامی عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د، كه‌سایه‌تی دیاری ناوسه‌له‌فییه‌كانی كوردستان ده‌داته‌وه‌و ده‌شڵێت: "جه‌نابی مامۆستا، خۆتان باش ده‌زانن، موسڵمان دزی ده‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز درۆ ناكات".
له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، كوڕێكی عومه‌ر چنگیانی ناسراو به (مه‌لا عومه‌ری سه‌له‌فی) وه‌ڵامی عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د مسته‌فا، كه‌سایه‌تی دیاری ناو سه‌له‌فییه‌كانی كوردستان ده‌داته‌وه كه‌له باسكردنی باوكی‌دا چه‌ند "راستیه‌كی شێواندووه".
عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د مسته‌فا، كه‌سایه‌تی دیاری ناو سه‌له‌فییه‌كانی كوردستان له به‌رنامه‌ی "رووداو و مێژوو"ی كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی مێژووی سه‌له‌فییه‌ت له كوردستان وروژاند و باسی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كیشی كرد له‌وانه عومه‌ر چنگیانی، كه پێشتر پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگه‌وتی ئیمان له شاری سلێمانی بوو، كه به یه‌كه‌م مزگه‌وتی سه‌له‌فییه‌كان له سلێمانی ناسراوه.
ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌ی كوڕی عومه‌ر چنگیانی بۆ عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د:
له كوڕی مه‌لا عومه‌ره‌وه بۆ مه‌لا عه‌بدوله‌تیف له هه‌ركوێیه‌ك هه‌یه
هاوڕێیانم وتیان سه‌یری به‌شی دووه‌می "مێژووی ره‌وتی سه‌له‌فیه‌ت له كوردستان" له به‌رنامه‌ی "رووداو و مێژوو"ی ته‌له‌ڤزیۆنی نالیا بكه‌م، چونكه پڕییه‌تی له قسه‌وباس له‌سه‌ر باوكم (م. عومه‌ر چنگیانی)، منیش ئه‌م تێبینییانه‌م له‌سه‌ری هه‌بوو كه به‌ڕێز باوكی عه‌بدولحه‌ق به لێڵی باسی كردوون:
سه‌ره‌تا، نامه‌وێ بێمه سه‌ر فكری سه‌له‌فییه‌ت، ئاخر دونیابینی و خواناسیی من نه له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئه‌وسای باوكمه، نه ئێسته، نه به ملیمێك له په‌یڕوه‌ی مه‌لا عه‌بدوله‌تیف نزیكم.
- باوكی عه‌بدولحه‌ق، باسی له‌وه كرد كه یه‌كێك له كاریگه‌رییه‌كانی سه‌ر مه‌لا عومه‌ر، په‌رتووكی "منهج الانبیا‌و"ی "محه‌مه‌د سروور" بوو، راست ده‌كات، به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتم بۆ خۆی لێ هێنایه ده‌ر و ده‌ڵێ "من جارێك لای ئه‌و بینیم و فیعله‌ن به ده‌رسیش ده‌یوته‌وه".
ئه‌ی قوربان له تۆمارخانه‌كه‌ی جه‌نابت له "چوارقورنه" كاسێتی زنجیره‌كه نه‌ده‌فرۆشرا؟ وه‌ك ته‌واوی زنجیره‌كانی تری ئه‌و؟ ئه‌دی به سه‌دان دانه‌ی وێنه‌گیراوتان له سلێمانییه‌وه بۆ نه‌هات؟.
- جه‌نابی ده‌ڵێ: هیچ "ره‌بت و پێوه‌ندییه‌كی هه‌ڕه‌می له نێوانماندا نه‌بوو". مامۆستا حه‌ی؟ ئه‌ی جه‌نابت به‌ڕێوه‌به‌ری لقی "بێتوێن"ی قوتابخانه‌ی "عومه‌ری كوڕی خه‌تاب" نه‌بووی و رێنمایی و پاره و په‌رتووكتان له‌وێوه بۆ نه‌ده‌هات؟.
- خاڵی هه‌ره گرنگ. گله‌یی له‌و سه‌رده‌مه ده‌كات كه نه‌ده‌بوو له مزگه‌وتی "ئیمان" چه‌ك هه‌بوایه و ئاوا هه‌ڵچوونیان نه‌كردایه تا یه‌كێتی په‌لاماری نه‌دانایه. راست ده‌كه‌ی منیش وا ده‌ڵێم. به‌ڵام قوربان ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ی باسی ده‌كه‌ی له باوكمه‌وه، به‌هۆی چی بوو؟ له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو پێش چه‌ند رۆژێك هێزێكی یه‌كێتی هاتنه سه‌ر ماڵتان و به په‌له هه‌واڵتان به سلێمانی گه‌یاند؟ ئه‌ویش كاریگه‌ری لێ كرا و له مزگه‌وتی ئیمان خۆی خسته سه‌نگه‌ری بزووتنه‌وه‌وه؟ به‌داخه‌وه، باوكم هه‌ڵچوو بوو، به‌ڵام وه‌فا (ئه‌گه‌رچی له‌مێژه سه‌لماندووتانه كه نیتانه) ئه‌وه ده‌خوازێ ئه‌وه‌شتان باس بكردایه. وا نییه؟
- جه‌نابی مامۆستا، خۆتان باش ده‌زانن، موسڵمان دزی ده‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز درۆ ناكات. من كه ئه‌م نموونه‌یه ده‌هێنمه‌وه، بیری سوودانم كه‌وته‌وه، ده‌زانن چی ده‌ڵێم.
- ئه‌گه‌ر رۆژێكیش نه‌هات كه باوكم وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو شێواندنه‌ی مێژووه‌كه‌ی كه لێره و له‌وێ ده‌كرێ بداته‌وه، ئه‌وا ناچارم من رێگری بكه‌م و هه‌موو شتێكیشم به به‌ڵگه لایه و هاكا له په‌رتووكێكدا به‌چاپم گه‌یاند.
PM:03:11:16/01/2017
ئه‌م بابه‌ته 16810
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت