فراكسیۆنی پارتی وه‌ڵامی ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ هەمیشە ڕۆڵێكی تێكدەرانەی هەبووە و هیچ كاتێك لە وێستگەی چارەسەركردنی گرفتەكاندا نەبووە."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وتویه‌تی: "ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ هەمیشە هەوڵی داوە بە دەربڕینی نابەجێ كێشەكان قووڵتر بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەردەم ڕایەكی پێشوەختە و پڕ قینشی بەرامبەر پارتی هەبووە."

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی‌ فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان:

بەر لە چەند ڕۆژ ئەبووبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرنامەی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئارتیدا چەند بۆچوونێكی نابەجێی لەبارەی فشارخستنەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی لە ڕێگەی گرتنەوەی نەوت و گازی سلێمانی و دروستكردنی پشێوی لە دەڤەری بادینان خستووەتەڕوو.

چاوەڕێی ئەوە بووین كە سەركردایەتیی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی ئەم پارلەمانتارەی بدات كە بۆچوونی تێكدەرانە و نانیشتیمانییانەی لەمجۆرە تەعبیر لە ڕای ڕەسمیی یەكگرتوو ناكات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ڕوونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی په‌رلەمانتارەكەیان نەدراوە.

بۆیە بە پێویستمان زانی ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەبووبەكر هەڵەدنی هەمیشە ڕۆڵێكی تێكدەرانەی هەبووە و هیچ كاتێك لە وێستگەی چارەسەركردنی گرفتەكاندا نەبووە بەڵكو هەمیشە هەوڵی داوە بە دەربڕینی نابەجێ كێشەكان قووڵتر بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەردەم ڕایەكی پێشوەختە و پڕ قینشی لەبەرانبەر پارتیدا هەبووە.

ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی دەریبڕیون جگە لە تێكدان و پشێوی هیچ مانایەكی دیكەی نییە و پەیوەندی بە داواكاریی خەڵكەوە نییە و قسەكانیشی زۆر لە خۆی گەورەترن. ئەگەر ئەبوبەكر و هاوشێوەكانی وا بیر دەكەنەوە كە لەڕێگەی فشار بۆسەر ژیان و ئاساییشی خەڵك بڕیار بەسەر پارتیدا دەسەپێنن با بێن خۆیان تاقی بكەنەوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
27-3-2017


PM:11:25:27/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 6750 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت