كه‌ركوك..له‌ دایه‌نگایه‌ك له‌ منداڵێك دراو لوتی پژا


وێستگه‌ نیوزـ

لاڤە ئالان، منداڵێكی تەمەن ساڵ و یەک مانگی كه‌ركوكه‌، مانگێک لەمەوبەر لەلایەن دایک و باوکیەوە کە هەردووکیان لە کۆمپانیای‌ گازی‌ باکور کاردەکەن براوەتە دایەنگەیەک لە گەڕەکی‌ عەرەفەی‌ ئه‌و شاره‌.

باوکی‌ دەڵێت، 27ی‌ مانگ کاتێک چووە بەدوای‌ کچەکەیدا شوێنی‌ لێدانی‌ بە جەستە و دەموچاویەوە بینیوە و لوتی‌ پژاوە، بەڵام دوای‌ تێپەڕبوونی‌ چەند کاتژمێرێکیش بەرپرسانی‌ دایەنگەکە منداڵەکەیان نەبردووە بۆ نەخۆشخانە.

دەشڵێت دوو ڕۆژ تێپەڕیوە و کەسێک نەچووەتەلای‌ پێی‌ بڵێت کە بۆچی‌ مناڵەکەی‌ وای لێ بەسەر هاتووە، لەبەر ئەوە سکاڵای‌ لەسەر دایەنگەکە تۆمارکردووە.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئێن ئاڕ تی، ئەو دایەنگەیەی لاڤەی تیادا دانراوە تایبەتە بە چاودێریکردنی‌ منداڵانی‌ فەرمانبەرەکانی‌ سەر بە کۆمپانیای گازی باکور، ئێن ئار تی هەوڵیدا وتەی‌ بەرپرسانی دایەنگەکە وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن و وتیان منداڵێکی گەورەتر لێی‌ داوە.

هاوكات پۆلیسی کەرکوک دەڵێت لەسەر سکاڵای کەسوکاری منداڵەکە بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، ئەگەر کارمەندان و بەرپرسانی دایەنگەکە کەمتەرخەم بووبن ڕوبەروی دادگایان دەکەنەوە.

ئەمە یەکەم حاڵەتی لێدان و توندو تیژی نییە کە لە شاری‌ کەرکوک بەرامبەر منداڵان کرابێت، لە 18ی‌ نیسانی 2017شدا منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لەلایەن باوک و زڕبراکەیەوە ئەشکەنجە درا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوک کرا.

کەسوکاری منداڵێک لە کەرکوک: لە دایەنگایەک لە منداڵەکەمانیان داوە و لوتی پژاوە

Posted by NRT on Monday, May 29, 2017


PM:10:52:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 9165 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت