‌بابەکر زێباری‌: پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن
PM:09:13:17/07/2017
‌بابەکر زێباری‌، سوپاسالاری‌ پێشوی‌ عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سوپاسالاری‌ پێشووی‌ عیراق رایگەیاند "مانەوەی پەکەکە و حەشدی‌ شەعبی‌ لە سنوری‌ شارۆچکەی‌ شنگال و تەلەعفەر لە بەرژەوەندی‌ هیچ لایەنێکدا نییە، بۆیە پێویستە تا زووە لە ناوچەکە دەرچن".

فەریقی‌ یەکەم بابەکر زێباری‌، سوپاسالاری‌ پێشوی‌ عیراق، لە لێدوانێکی‌ بۆ ئاژانسی‌ ئانادۆڵ وتی‌: "شارۆچکەی‌ تەلەعفەر پێش ئۆپەراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوە بەشێکی‌ زۆری‌ وێران بووە بە هۆی‌ بۆردومانەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و تەقینەوەکانی‌ چەکدارانی‌ داعش لە ناوەندی‌ شارەکە،لە ئێستاشدا بەشێکی‌ زۆری‌ سنووری‌ قەزای تەلەعفەر لەژێر کۆنتڕۆڵی‌ حەشدی‌ شەعبیدایە".

زێباری‌ دەڵێت "بەشداریکردنی میلیشیاکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە ئۆپەراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ شارۆچکەی‌ تەلەعفەر مەترسی‌ شەڕی‌ تایفی‌ و مەزهەبی‌ نێوان پێکهاتەکانی‌ شارۆچکەی‌ تەلەعفەری‌ لێدەکەوێتەوە، چونکە لە ئێستادا ناکۆکییەکانی‌ نێوان شیعە و سوننەکانی‌ تەلەعفەر قووڵتر بوونەتەوە، دوای‌ بەشداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ شارۆچکەکە ناکۆکی‌ نێوان پێکهاتەکان بۆ قۆناغێکی‌ ئاڵۆز و نەخوازراو تێپەڕ دەبێت".

سوپاسالاری‌ پێشووی‌ عیراق وتویه‌تی "بە هۆی‌ بوونی‌ چەندین تێبینی‌ لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە مووسڵ و دەورووبەری‌ لە ئێستادا، هەم خەڵکی‌ تەلەعفەر هەمیش تورکیا ناڕازیین لە بەشداریکردنی حەشدی‌ شەعبی‌ لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ شارۆچکەی‌ تەلەعفەر، بۆیە باشتر وایە بەشدار نەبێت، جگە لەمەیش ئەگەر حەشدی‌ شەعبی‌ بەشدار بێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ شارۆچکەی‌ تەلەعفەر، هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژ بە داعش بە هیچ شێوەیەک بەشدار نابن، بەمەیش تەلەعفەر دەبێتە خۆڵەمێشی‌ جەنگەکە".

بابەکر زێباری‌ رۆلی‌ باشتری‌ هاوپەیمانێتی‌ نێودەوڵەتی‌ بە جێگرەوەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دەزانێت لە ئۆپەراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ تەلەعفەردا و ئاشکرای‌ دەکات کە سوپای‌ عیراق و دژە تیرۆر هێزەکانی‌ دیکەی‌ چوارچێوەی‌ وەزارەتی‌ بەرگری‌ عێراق بەشی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ شارەکە ناکەن، چونکە ژمارەی هێزەکانیان کەمن، بۆیە پشتیان بە حەشدی‌ شەعبی‌ بەستووە، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانان پاڵپشتییەکی‌ ئاسمانی‌ زیاتر بکەن، ئەو کاتە ئەو بۆشاییە سەربازییە پڕ دەبێتەوە کە حەشدی‌ شەعبی‌ دەیگێڕێت".

سوپاسالاری‌ پێشووی‌ عیراق دژایەتی‌ خۆی‌ بۆ مانەوەی‌ پەکەکە و حەشدی‌ شەعبی‌ لە شنگال و سنووری‌ هەرێمی‌ کوردستان راگەیاند و وتی‌: "مانەوەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و پەکەکە لە شنگال و هەر بستێکی‌ خاکی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە بەرژەوەندی‌ هیچ لایەنێکدا نییە، بۆیە دەبێت رێز لە ئیرادەی‌ گەلی‌ کوردستان و سەرکردایەتی‌ سیاسی‌ کورد و حکوومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بگرن و تەواوی‌ سنووری‌ شنگال و ناوچەکانی‌ دیکەیش چۆڵ بکەن".

بابەکر زێباری‌ باس لە موسڵی‌ دوای‌ داعشی کرد و وتی‌: "ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازی‌ شاری‌ موسڵ کۆتاییهات، بەڵام داعش کۆتایی نەهاتووە و لە چەندین گەڕەکی‌ شارەکە خۆیان حەشارداوە و بەداوی‌ دەرفەت و هەلی‌ دەستوەشاندن دەگەڕێن، بۆیە پێش هەموو شتێک ئێستای‌ مووسڵ پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە مەترسی‌ سەرهەڵدانەوەی‌ شانە نوستوەکانی‌ داعش لە ئارادایە".

وتیشی‌: "موسڵ پێویستی‌ بە چاودێری‌ چڕی‌ هێزە ئەمنییەکان هەیە، چونکە لە ئێستاشدا چەندین خێزانی‌ داعش لە مووسڵ لەژێر ناوی‌ هاووڵاتی‌ سڤیلی‌ لە شارەکە ماون، ئەمانەیش هەڕەشەن و دەبێت پشکنینی‌ زیاتر بۆ ماڵ بە ماڵ و خێزان بە خێزانی‌ شارەکە بکریت، تەنانەت ئەگەری‌ ئەوەیش هەیە داعش لەناو تونێلەکانیشدا مابن لەبەرەی‌ راستی‌ موسڵ".

سه‌باره‌ت به‌ پرسی ریفراندۆم زێباری‌ وتی: "ریفراندۆمی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەبێتە کارتێکی‌ بەهێز بە دەست سەرکردایەتی‌ سیاسی‌ هەرێم و گەلی‌ کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە بۆ ئەوەی‌ هەموو وڵاتە زڵهێزەکان باوەڕ بەوە بهێنن کە خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستان سەربەخۆییان دەوێت".

دەشڵێت "ریفراندۆمی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەسەر بنەما و رەهەندە سیاسی‌ و دیموکراسییەکانە هاوشێوەی‌ وڵاتانی‌ ئەوروپا و ئەمریکا، جگە لەمەیش ئاشکرایە کە لە هەرێمی‌ کوردستان مافی‌ مرۆڤ پارێزراوە و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بە تەبایی لەو هەرێمە دەژین بەبێ بوونی‌ هیچ کێشەیەک".




ئه‌م بابه‌ته 811 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو
هەواڵی زیاتر

Copyright 2016. westga.net. All Rights Reserved.