دیوی پشتەوەی سەردانەکەی ئەردۆغان!

‌دڵشاد ئەنوەر

سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت زۆر ورد نەبووەتەوە، چونکە بە ئێستاشەوە یەکێتی و پارتی ڕۆژانە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەتانکەر دەفرۆشن و بەشێکی زۆری پارتی ڕەوانەی تورکیای دەکات و باقییەکەی یەکێتی بۆ تورکیا، ئەردۆغان ئەمەی نەوروژاندووە چونکە خۆیان سودمەندن.

ئەوەی بۆ هەرێم گرفتەو بۆ تورکیاو عێراق گرنگە ڕێگەی گەشەپێدانە، گەر ئەمە بکرێ ئیبراهیم خەلیل سقوت دەکات، ئەم ڕێگەیە لە تورکیاوە بۆ موسڵ و لەوێوە بۆ بەسرە شۆڕ دەبێتەوەو تەنها ١٨ کم بەناو خاکی هەرێمدا دەڕوات و ئەویش لە مەحمودییەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل، ئەم پرۆژەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان عێراق و تورکیا دروست دەکات و هەرێم کەنار دەخات.

تورکیا توڕەیە لە پرۆژەیەکی ئەمەریکی- ئەوروپی کە ڕێگەی ئابوری لە ئەوروپاوەبۆ هند درێژ دەکەنەوە، بێ ئەوەی بەناو تورکیا تێپەڕێت. تورکیا دەیەوێت لە ڕێی ڕێگەی گەشەپیدانەوەو بەناو عێراقدا وڵاتەکەی ببەستێتەوە بە کەنداوەو لە هاوکێشە سیاسی و ئابورییەکان جێ نەمێنێت.

خاڵێکی تر کە ئەردۆغان بە وردی قسە لەگەڵ سودانی کردووە مەسەلەی شەنگال و پەکە.کە بووە، سودانی لەمڕووە نەیتوانیووە هیچ بەڵينێک بە ئەردۆغان بدات، بەوپێیەی پەیوەندی نێوان پە.کەکەو ئێران باشە، بوونی پە.کەکەش لە شەنگال لەزەرەری ئەجێندای شیعی نییە، بۆ ئەوان شەنگال هێڵی ستراتیژییەو نایانەوێ تورکیا لێی نزیک ببێتەوە.

تا دوێنێ پێموابو و ئێران بەشێکە لە ڕێککەوتنە تازەکەی عێراق و تورکیاو قسەم لەگەڵ هەندێک بەرپرسی باڵا کرد ڕایان وابوو، چونکە نە ئێران و نە میلیشیاکان هیچیان نەوت لەسەر سەردانەکە، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک زانیاری تازەم بیست کە ئێران زۆر نیگەرانە لە ڕێککەوتنەکە.

تەنانەت بیستم ڕەنگە ئەم سەردانە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی سودانی، گەر سودانییش کۆتایی پێ بێت ڕێکەوتنە عێراقییە تورکیەکە شکست دەهێنێت، چونکە هیچ پارەیەک بۆ ڕێککەوتنەکان لەلایەن عێراق و تورکییاوە تەرخان نەکراوە و هەردوولایان چاویان لەدەستی تورکیایە.

ئینجا سودانی ساڵێک حوکمڕانیەکەی ماوەو جێبەجێکردنی پرۆژەکانیش تا ساڵی ٢٠٢٨ ی بۆ دانراوە، گەرەنتی چییە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، حکومەت ڕێککەوتن بکات میلیشیاکان پێوەی پابەند نابن، میلیشیاکان بیکەن حکومەت ڕەتیدەکاتەوە.
بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەردۆغان هاتە عێراق و ڕێککەوتنی واژۆ کرد، بەڵام هاتە هەرێم و تەنها سەردانێکی ئاسایی بوو بێ هیچ ڕێککەوتنێکی واژۆ کراو، بۆیە دۆخەکە لەبەرژەوەندی هەرێم نییە.

کاتێک ئەردۆغان هاتە هەولێرو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوویەوە، بەڕوونی پێیگوتبوون؛ بیر لە پەراوێزخستنی تورکمان نەکەنەوە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک. ئاماژەی بەوەشکردبوو دەبێت تورکمان لە حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم و کەرکوکیش بەشداری پێبکرێت.

پێش ئەوەی ئەردۆغان قسە بکات، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکردبوو هەرێم پێکهاتەکانی لاگرنگەو دەیەوێت بەشدارییان پێبکات لەمەسەلەی حوکمڕانیدا، ئەردۆگان وتبووی نەدەبوو کورسی کۆتای تورکمانەکان لا ببرێت و نیگەرانی دەربڕیبوو.

ئەردۆغان وتبووی؛ ئێمە لەمەودوا بەرژوەندی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە، دەمانەوێت ئێوەش لەگەڵ عێراق ڕێکبکەون.

هەروەها وتبووی” ئێمە لەکاتە سەختەکاندا لەگەڵتاندا بووین و لەگەڵتان دەمێنینەوە.” ڕەنگە ئەم قسەی ئەردۆغان ئاماژەی ئەوەی تێدا بێت کە زۆر متمانەی بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ عێراق نییەو پەیوەندی لەگەڵ هەرێم وەکو ئیحتیات بهێڵێتەوە.

دواتر قوباد تاڵەبانی بە ئەردۆغانی وتبوو؛ ئەوەی لەسەر سلێمانی دەوترێت ڕاست نییە، داوای هەڵگرتنی گەمارۆی تورکیای لەسەر ئاسمانی سلێمانی کردبوو، باسی لە پەیوەندی مێژوویی مام جەلالیش لەگەڵ تورکیاو وڵاتانی دەوروبەر کردبوو.

بەڵام ئەردۆغان هیچ وەڵامێکی ئیجابی بۆ باشکردنی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ سلێمانی نەدابوویەوە..


PM:10:16:24/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی